پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

ڕێژنه‌ میدیا
 
 
 
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لێکنزیکبوونەوەیەکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بەمزووانە بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. وەزیری هەرێمیش بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دوێنێ هەمان قسەی کرد.
 
 
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق،  رایگەیاند، لێکتێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە. چەند ئاماژەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن هەیە، “بڕیاریشە بەمنزیکانە بەغدا مووچەی فەرمانبەران رەوانە بکات.”
 
 
لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستانیش، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بە پەرلەمانتارانی کوردستانی راگەیاند، دوای جەژن شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا. گوتیشی “پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دروستبووە و لێکتێگەیشتنی نوێ هەیە و هەواڵی تازەمان پێگەیشتووە”.
 
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی قەرزی نێوەدەوڵەتییەوەو پشکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزانە ئاماژە بەوە دەدات “بەپێی یاسای قەرزی نێودەوڵەتی کە بە هەوڵی زۆر بڕگەیەکمان جێگیرکردووە، هەرێمی کوردستان پشکێکی دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتووان لە هەر قەرزێکی نێودەوڵەتی.”
 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پێیوایە بەمنزیکانە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
 
 
بەپێی یاسای وەرگرتنی قەرز، حکومەتی عێراق دەتوانێت 15 تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی و پێنج ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی وەربگرێت. عێراق لەگەڵ سندووقی نەختی نێودەوڵەتی لە دانوستاندندایە، بەڵام سندووقەکە بەڵێنی پێدانی تەنیا دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری بە عێراق داوە.