پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

پارێزگاری سلێمانی : له‌باره‌ی سه‌رقه‌بران و نۆ جه‌ژنه‌ له‌ ڕؤژانی جه‌ژنی قوربان ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

ڕێژنه‌ میدیا

 


پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەمموز ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژندا سەرقەبران و کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و نۆجەژن قەدەغەیە، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بن دوای جەژن دەچینە قۆناغێکی زۆر باشەوە کە دەتوانین وەک پەتایەکی وەرزی مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنادا بکەین.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، بۆ ڕۆژانی جەژن پێویستە هاووڵاتییان سەردانیکردن کەم بکەنەوە، هەروەها سەرقەبران و نۆجەژن، هەموو کۆبوونەوە و بۆنەیەکی خۆشی و ناخۆشی قەدەغەیە، نابێت هاووڵاتییان کاریک بکەن سیناریۆی جەژنی ڕەمەزان دووبارە ببێتەوە.

پارێزگاری سلێمانی وتیشی، ئەگەر خەڵک پابەند نەبێت بە خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە دورستکردنی قەرەباڵغی و سەردانکردن، ئەوا هەمان ئەو سیناریۆیە دووبارە دەبێتەوە کە داوی جەژنی ڕەمەزان بینیمان، بەڵام پابەندبوونی هاووڵاتییان لە ڕۆژانی جەژندا وادەکات دوای جەژن بچینە قۆناغێکی زۆر باشەوە، قۆناغێک کە دەتوانین وەکو پەتایەکی وەرزی یان هەر ئەنفلەوەنزایەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنادا بکەین.

سەبارەت بە کارمەندە خۆبەخشەکانی ناو نەخۆشخانەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی، گرفتی ئێمە ئەو سەرمایە مرۆییەیە کە لە مانگی شوباتەوە خۆبەخشانە کاردەکەن لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا، داوامان لە حکوومەت کردووە کە بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێنرێن، نوسراویشمان کردووە و چاوەڕێی وەڵام دەکەین.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە مووچەی کارمەندان و پزیشکان جیابکرێتەوە و لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت چونکە بەتەنها تەرخانکردنی بودجە بۆ کۆرۆنا ناتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکە و کۆنترۆڵ کردنیدا.

سەبارەت بە قوربانی کردن لە ڕۆژانی جەژندا هەڤاڵ ئەبوبەکر تیشکی خستەسەر ئەوەی، قوربانی کردن بە هەموو شێوەیەک لە ماڵەکان گەڕەک و شوێنەکانی دەرەوە قەدەغەیە تەنها لە قەسابخانەکان قوربانی دەکرێت کە بەڕیوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی چاودێری دەکات و بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان دەبێت.