پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

ئەو کەسەی “سیخوڕی بەسەر قاسم سولەیمانی”یەوە کرد، لەسێدارەدرا

ڕێژنه‌ میدیا

 

دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو سیخوڕەدا جێبەجێکرا کە “زانیاری دەربارەی جوڵەکانی قاسم سولەیمانی” بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دابو.
فەرمانی لە سێدارەدانی مەحمود موسەوی مەجد، کە تاوانباربو بە سیخوڕیکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێکرا

 

ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە فەرمانی لە سێدارەدانی مەحمود موسەوی مەجد، کە تاوانباربو بە سیخوڕیکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێکرا”.

 

نۆی مانگی رابردو، غولام حسێن ئیسماعیل، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “یەکێک لە سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە زانیاری لەبارەی شوێنی قاسم سولەیمانی کۆکردبوەوە، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە و بەم نزیکانەش فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت”.
مەجد-ی سیخوڕ، نە کەسێکی سەربازی بوەو نە ئەندامی سوپای پاسداران بوە، بەڵکو وەک شۆفێر کاری لەگەڵ راوێژکارانی سەربازی ئێران لە سوریا کردوە

 

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، مەحمود موسەوی مەجد-ی سیخوڕ، نە کەسێکی سەربازی بوەو نە ئەندامی سوپای پاسداران بوە، بەڵکو وەک شۆفێر کاری لەگەڵ راوێژکارانی سەربازی ئێران لە سوریا کردوە، لەو چوارچێوەیەدا توانیویەتی زانیاری بدات بە هەواڵگیری ئەمریکا و ئیسرائیل.

 

سێی کانونی دوەمی ئەمساڵ بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبۆردومانێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە بەغدا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکەش کوژران.