پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

كۆمپانیای گشتی فڕۆكه‌وانی عێراق : به‌م مه‌رجانه‌ گه‌شته‌كانی بۆ ئێران ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

ڕێژنه‌ میدیا

 

کۆمپانیای گشتیی فڕۆکەوانی لە عێراق کە سەر بە وەزارەتی گواستنەوەیە رایگەیاند، هەرکەسێک دەیەوێت گەشت بۆ ئێران بکات، دەبێت چەند مەرجێک جێبەجێ بکات، لەوانە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کۆمپانیای گشتیی فڕۆکەوانی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، “رێگە بە گەشتکردنی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی عێراق بۆ ئێران دەدرێت کە مۆڵەتی مانەوەیان لە ئێران هەیە. هەرکەسێکیش گرێبەستی پەسەندکراوی هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکی ئێرانی هەبێت رێگەی پێدەدرێت گەشت بۆ ئێران بکات”.

کۆمپانیای گشتی فڕۆکەوانیی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، “هەر هاووڵاتییەکی عێراق نەخۆشیی ترسناکی هەبێت و راپۆرتی پزیشکی هەبێت بیسەلمێنێت کەوا نەخۆشە و ڤیزای هەبێت، رێگەی پێدەدرێت بچێتە ئێران، هاوکات رێگە بە هەموو بریندارانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدرێت گەشت بۆ ئێران بکەن”.

بەپێی راگەیێندراوەکە هەر گەشتیار و بازرگانێک ڤیزای بازرگانیی هەبێت رێگەی پێدەدرێت گەشت بۆ ئێران بکات، بەڵام هەموو گەشتیاران بۆ دڵنیابوون لەوەی تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە بەهۆی مەترسیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا عێراق لە مانگی ئاداری رابردووەوە گەشتکردنی دەرەوەی لە هاووڵاتییانی قەدەخەکردووە.