پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

كامیل قەزاز وەک بریكاری نوێی وەزارەتی كارەبا دەستبەكاربوو

ڕێژنه‌ میدیا

 

ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێوڕەسمێکدا کە وەزیری کارەبا و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون، ئەندازیار کامیل قەزاز لە سەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان وەک بریکاری وەزیری کارەبا دەستبەکاربوو.

 

وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە، لێژنەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ئاوەدانكردنەوە وێڕای پیرۆزباییان لە بریكاری نوێ، ئومێدیان خواست ناوبراو لەپۆستە نوێیەكەیدا هاوكاریی وەزیری كارەبا بێت بۆ بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی كارەبا بۆ هاوڵاتیان.

 

هاوکات کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا ڕایگەیاند” كاك كامیل قەزاز لەماوەی رابردوودا یەكێك بووە لەو كەسە شارەزاو بەتوانایانەی كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەوەزارەتی كارەبا و خاوەن ئەزموونێكی باش و سەركەوتوو بووە”.

 

هەروەها وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم داوای لەسەرجەم راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتییەکانی وەزارەت كرد هاوكارو پشتیوانی بریکاری نوێ بن.

 

دواتر کامیل قەزاز بەڵێنیدا درێغی نەکات لە چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان و باشترکردنی دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

 

کامیل قەزاز ئەندازیاربوو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە کاندید کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی بریکاری وەزارەتی کارەبا.