پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

ڤیدیۆ: لەناو ئاهەنگەكەیدا تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات رزگاریبكەن لە بەزۆر ئەنجامدانی هاوسەرگیری

ڕێژنه‌ میدیا

 

لە ئادانا- توركیا، لەمیانی بەڕێوەچونی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیدا كچێكی گەنج تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات و پێیان رادەگەیەنێت، دەیانەوێت بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكدا ئەنجامبدات كە نایەوێت.

بەهۆی ئەوەی نایەوێت لەگەڵ كەسێك هاوسەرگیری بكات كە خواستی لەسەر نییە

جەیلان بێیازكایا، ئەو كچەیە كە لە چەند رۆژی رابردودا لە فەرمانگەی حكومیی مارەبڕین لە ئادانا، كە زۆرجار ئاهەنگی هاوسەرگیریشی تێدا ئەنجامدەدرێت، تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەكات و داوای هاوكارییان لێدەكات بەهۆی ئەوەی نایەوێت لەگەڵ كەسێك هاوسەرگیری بكات كە خواستی لەسەر نییە.

هەوڵدراوە بەزۆر جەیلانی تەمەن 22 ساڵ لەگەڵ كەسێكدا هاوسەرگیری بكات

بەگوێرەی میدیای توركیا، لەلایەن دایكی و كەسوكارییەوە هەوڵدراوە بەزۆر جەیلانی تەمەن 22 ساڵ لەگەڵ كەسێكدا هاوسەرگیری بكات، كە خۆی خواستی لەسەر نەبوە.

دەیانەوێت بەزۆر هاوسەرگیری بكەم، من نامەوێت تكایە وەرن رزگارم بكەن

ڤیدیۆی ساتی گەیشتنی پۆلیس و گریانی جەیلان لەناو مەراسیمی مارەكردنەكەیدا لە پێگە و ماڵپەڕەكانی هەواڵ بڵاوكراوەتەوە، كە لەمیانی بەڕێوەچونی پرۆسەكەدا هەلێكی دۆزیوەتەوە بۆ پەیوەندیكردن بە پۆلیسەوە و وتویەتی “دەیانەوێت بەزۆر هاوسەرگیری بكەم، من نامەوێت تكایە وەرن رزگارم بكەن”.

دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتوەتە شوێنی مەبەست، وەك لە ڤیدیۆكەشدا دەردەكەوێت جەیلان و دایكی بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس دەگوازنەوە بۆ بنكە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەیان، دواتریش لەگەڵ خانەوادەكەیدا رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە.

لە توركیا ساڵانە چەندینجار روداوی ناخهەژێن دژ بە خانمان رودەدات و زۆرینەی ئەنجامدەرانی تاوانەكانیش پیاوانن هەندێكجاریش لەلایەن ژنانی ناو خێزانەكانیانەوە ئەنجامدەدرێت، وێڕای ئەوەی توندوتیژییەكی زۆر هەیە، تا ئێستا هیچكام لە تاوانباران بە سزای خۆیان نەگەیەندراون.