پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

کچێك بەجلی بوکێنییەوە هاوکاری کەسێك دەکات کە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە

ڕێژنه‌ میدیا

 

کچێكی ئەمەریکی بەجلی بوکێنییەوە ئامادەبوو هاوکاری ژنێکی دیکە بکات کە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و لەسەر شەقامێك کەوتوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی “میرەر”ی بەریتانی ئاماژە بەوەکراوە، راشیێل تایلەری تەمەن ٢٢ ساڵ دوای تەواوبوونی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لەرێگەدا بوو تا بچێتەوە بۆ ماڵەکەی لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، لە رێگەدا بینیان کە سێ ئۆتۆمبێل خۆی بەیەکدا کێشە، بۆیە بەبێ دوودڵی بووکەکە لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دابەزیوە و هاوکاری یەکێك لە قوربانییەکانی ئەو رووداوەی کردووە.

لە بەشێك لەو وێنانەدا کە بڵاوکراونەتەوە دەرکەوتووە ئەم ژنە بە جلی بوکێنییەوە لەسەر شەقامەکە دانیشتووە و باوەشی کردووە بە ژنێکی دیکەدا کە لەسەر شەقامەکە کەوتووە و هەوڵدەدات هاوکاری بکات و ئارامی بکاتەوە تا ستافی پزیشکی دەگەن، دوای ئەوەی بەهۆی رووداوەکەوە قاچی و ناوچەی رانی تووشی زیان بوون.

دوای رووداوەکەش بیتەرسۆن کە یەکێك لە قوربانییەکانی رووداوەکە بووە وتوویەتی، راشیێڵ زۆر بەباشی هاوکاری کردووە و هەوڵیداوە وایلێبکات هەست بە ئارامی بکات و لەسەرخۆ ببێتەوە، وتوویەتی کە ئەو بوکە بەتەواوی کاری خۆی وەك پەرستارێك کردووە.

لەدواتریشدا کالڤن تایلەری هاوسەری بووکەکە وێنەیەکی راشیێڵی هاوسەری بڵاوکردووەتەوە لە فەیسبووك و لەگەڵیدا کۆمەڵێك شتی نوسیوە و وەسفی کردووە چونکە بەو جۆرە بەجلی بوکێنییەوە بەبێ دوودڵییەوە هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە، لەو پۆستەدا کالڤن، ناوی راشێلی بە “پەری” بردووە.

راشیێل بەر لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی لە زانکۆی بیسیلی ئەمەریکی شەهادەی پەرستاری وەرگرتووە لەبواری ژنان و منداڵبووندا، بۆیە زانیویەتی چۆن لەو دۆخەدا رەفتار بکات و بەبێ دوودڵی بەجلی بوکێنییەوە هاوکاری قوربانییەکانی رووداوەکە بکات.