پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

ئەمریکا : کاتی بەردەستبوونی ڤاکسینی کۆرۆنای راگەیاند

ڕێژنه‌ میدیا

 

 

بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان رایگەیاند، کە گەشبینە بەوەی لە کۆتایی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ٢٠٢١دا، ڤاکسینی کۆرۆنا بە تەواوی ئامادەبکرێت.

 

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان و ئەندامی لیژنەی تەندروستی باڵای ئەمریکا بۆ بەرەنگاری کۆرۆنا رایگەیاند، “ئێمە کۆمەڵێک ڤاکسینمان هەیە بە ئەنجامی زۆر باش و دڵخۆشکەرەوە، ئەگەر بەو شێوازەی ئێستا پرۆسەکە بەردەوامبێت ئەوا لە کۆتایی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوو، ڤاکسینی کۆرۆنا بە تەواوی ئامادە دەکرێت و بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکی بەردەستدەبێت.”

 

ئەم قسانەی دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی لەکاتێکدا بوو، کە بانگهێشتی هۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا کرابوو بۆ شایەتیدان لەسەر چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەلایەن ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە.

 

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی ئەوەشی وت، “لە مانگی داهاتوودا، مانگی تەمموز، قۆناغی سێیەمی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرنا دەستپێدەکات و تێیدا، لەسەر ٣٠ هەزار کەس تاقیدەکرێتەوە.”

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی رایانگەیاند، پەرەیان بە ڤاکسینێکی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا داوە کە لە رێگەی دەمەوە هەڵدەمژرێت و رەنگە ئامادەکردنی ڤاکسینەکە لە مانگی ٨ی ئەمساڵدا تەواوببێت.