ئیتر بەسە وێنە و پەڕۆ !

ڕێژنه‌ میدیا

وتار / محمد احمد محمد

 

 

لە ساڵی ۲۰۰۳ دا خوێندکار بووم لە زانکۆی بەغدا، وێنەیەکی سەدام حوسێن لە ناو زانکۆکەدا هەبوو، هەرچەند دەمبینی دڵگران دەبووم، بەڵام ناچاربووم هەموو بەیانییەك بە تەنیشتیدا تێپەڕم.

 

لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق و لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ زانکۆ لە پاش دابڕان بۆ ماوەی دوو مانگ بیرم لە وێنەکە دەکردەوە و دڵنیابووم وێنەکە لابراوە.

 

کە گەیشتمە زانکۆ و لە دەرگای سەرەکییەوە چوومە ژووەرەوە راستەوخۆ سەرنجی وێنەکەم دا، بینیم وێنەکە لابراوە و لە شوێنەکەیدا وێنەی كەسێکی مێزەرلەسەری بەناوبانگ دانراوە و لە تەنیشتییەوە دوو ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ هەڵکراوە، ئەو دێمەنە دووبارە تووشی نائومێدی کردمەوە. هەر لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ ژمارەی وێنە و ئاڵاکان ڕووی لە زیادبوونە، ئێستا لە هەموو کون و قوژبنێکی ئەم وڵاتەدا وێنەی جۆراوجۆر هەڵواسراوە، زیندوو و مردوو و گەورە و بچووك و کۆن و نوێ و ناسراو و نەناسراو. دیارە هۆکاری دانانی ئەو وێنە و ئاڵایانە خۆدەرخستن و سەپاندنی دەسەڵاتی لایەنێکی دیاریکراوە، بە پێی تێبینییەکانیش ئەو لایەنانەی ئەم کارە دەکەن ئەوانەن کە خاوەن هێزێکی چەکدارن.

 

هۆکارەکانی پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی دەسەڵات و نەبوونی سەروەری یاسا و دەرنەکردنی یاسای تایبەت بەم پرسانە، بۆیە هەر لایەنێك هەر کات و شوێنێکی مەبەست بێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت ئەوەی دەیەوێت هەڵیبواسێت و هەڵیبکات، بۆیە شوێنە گشتییەکان و شەقام و فەرمانگە و تەنانەت بازگەکانیش بوونەتە پێشانگای وێنەی کەسانێک کە هیج پلە و پۆستێکی حکومیشیان نییە.

 

هەموو ئەوانەی دەکرێن لە پێش چاوی حکومەتدایە و بە رۆژی رووناك دەکرێن، حکومەت نەوەك هەوڵی ڕێگری کردنی دیاردەکەی دابێت بەڵکو هاندەری بڵاوبوونەوەی بووە بە هۆی چاوپۆشی کردن و هاوکاری کردنی ئەو لایەنانەی ئەم کارە ئەنجام دەدەن، زۆر جاریش ئامێرەکانی حکومەت بۆ خزمەتکردنی ئەم پرۆسەیە بەکاردهێنرێن، لە لایەکی ترەوە حکومەت بە پێی یاسا پاڵپشتی دانانی ئەو وێنانە دەکات، کاتێك لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کاندید و لایەنەکان بە پێی یاسا وێنە و ئاڵاکانیان دادەنێن و دواتر هەر دەمێننەوە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات و سزایان بدات و وێنەکانیان پێ لابەرێت.

 

لاوازی دەسەڵات و باڵکێشانی میلیشیاکان بەسەر جومگەکانی وڵات بوونەتە هۆی ئەوەی وێنەی کەسانێك لەسەر شەقام ببینرێت کە هیچ پلە و پۆستێکی فەرمییان نییە، تەنانەت هەندێکشیان تومەتبارن لە لایەن خەڵکەوە بە ئەنجامدانی ڕفاندن و تۆقاندن و گەندەڵی و کوشتن. پێدەچێت هەڵواسینی وێنە و هەڵکردنی ئاڵا لەم وڵاتە سنووری نەبێت، بەو پێیەی گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی ئاڵا و وێنەی سیاسەتمەدار و سەرکردە و چەکدارانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە لە شوێنە گشتییەکان ببینرێت، تەنانەت گەیشتووەتە ئەو رادەیەی ئاڵای یانەی ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە لە هەندێ شوێن هەڵبکرێت.

 

ئەگەر باس لە لایەنی ماددیش بکرێت ئەوا دانانی ئەو وێنە و ئاڵایانە زیانێکی زۆر بە وڵات دەگەیەنێت، هەر یەك لەو وێنانە بڕە پارەیەکی زۆری تێدەچێت بۆ دروستکردن و دانانی، پارەی فلێکس و ئاسن و چەمەنتۆ و وەستا و کرێی بارکردن هتد. داخی هاوڵاتی لەوەیە ئەو وێنەیەی کە پارەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکرێت هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە، تەنانەت بۆ خاوەنی وێنەکەش، لە بەرامبەردا زیانێکەکانی زۆرن، دیاردەکەش ناشارستانییە و تەنها لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا هەیە و سیمای شار دەشێوێنێت و تێکیدەدات و زیانی راستەوخۆ و کاریگەری خراپیش لەسەر هاوڵاتی هۆشیار جێدەهێڵێت، چونکە هاوڵاتی هەرچەند وێنەیەك ببینێت بیر لەوە دەکاتەوە پارەی ئەو وێنەیە لە گیرفانی ئەوەوە دەرهێنراوە، جگە لەوەی بەشێك لەو وێنانە هۆکارێکن بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە و دژایەتی و رەگەزپەرستی و تایەفەگەری، بەتایبەتی کە بە زەبری هێز و دەسەڵات وێنەی کەسێکی نەخوازراو لە شوێنێكی دیاریکراو دادەنرێت.

 

ئاخۆ بۆچی دەبێت هاوڵاتییەکی بێ بەش لە خزمەتگوزاری و خوێندنگا و نەخۆشخانە و پارك و شوێنی حەوانەوە بەوە سزابدرێت رۆژانە سەیری دەموچاوی ئەو کەسانە بکات کە لەو شتانە بێ بەشیان کردووە؟

 

بۆچی دەبێت ژیانی هاوڵاتی تاڵتر بکرێت لەوەی کە هەیە؟

 

حکومەت و پەرلەمان وەك خزمەتی خەڵك ناکەن و باسی رزگارکردنی کیسەڵی دەریایی دەکەن لە وڵاتێك کە دەریای تێدانییە، با هەوڵ بدەن یاسایەك دابڕێژن بۆ هەڵواسینی وێنە و هەڵکردنی ئاڵا، دەرکردنی بڕیارەکەش هیچی ناوێت جگە لە دەنگدانێك و جێبەجێکردنێکی خێرا، بەڵام ئەمانە بە کەسانی دڵسۆز و هۆشیار و مرۆڤ دۆست دەکرێت.

سەرنجی خۆت بنووسە