بۆ ئەوەی مۆبایلەكەت چەند ساڵێك زیاتر بەرگە بگرێت ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ بكە

ڕێژنه‌ میدیا

 

بەشێوەیەكی گشتی نرخی زۆرینەی مۆبایلە زیرەكەكان زیاترە لە 500 دۆلاری ئەمریكی، ئەوەش  نزیكە لە نرخی لاپ تۆپ، تەنانەت بەشێكی مۆبایلەكان نرخیان زۆر لە كۆمپیوتەر و لاپ تۆپ گرانترە، بۆیە هەمووان لە هەوڵی ئەوەدان مۆبایلەكانیان بۆ ماوەیەكی زیاتر كاربكات.

 

 
شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا ئاشكرا دەكەن، جگە لە پاراستنی مۆبایل لە كەوتنە خوارەوە و خستنە ناو ئاو، چەند ڕێگایەكی دیكەش هەن وادەكەن مۆبایلەكەت چەند ساڵێك زیاتر بەرگە بگرێت و لە كاركردن بەردەوام بێت.

 

پارێزگاریكردن لە شاشە: كایڵ وینز سەرۆكی جێبەجێكار لە كۆمپانیای ئای فیكس ئیت باس لەوە دەكات، شاشەی مۆبایل لە پارچەیەك تۆڕی كریستاڵی پێكهاتووە، ئەگەر بڕوشێت یاخود درزێكی بچوكی تێكەوێت هێزی كەم دەبێتەوە، واتە ئەگەر مۆبایلێك شاشەكەی درزی تێدابێت لەكاتی كەوتندا ئەگەری شكانی زیاترە بەراورد بە مۆبایلێك كە درزی تێدا نییە.

 

سەبارەت بەو بەرگە پارێزەرەی دەردێت لە شاشەی مۆبایلەكان، وینز دەڵێت “ئەو مۆبایلەی پارێزەری پێوەیە پێنج هێندە پارێزراوترە و ئەگەری شكانی كەمترە”.

 

مۆبایلەكەت لە گەرما و سەرما بپارێزە: زۆرینەی مۆبایلەكان بەجۆرێك دروستكراون، توانای كاركردنیان نییە لە پلەی گەرمای زۆر بەرز و زۆر نزمدا.

 

تۆسریۆن ئەدیگ بیگا مامۆستای ئەندازیاری كارەبا لە زانكۆی ئەریزۆنا دەڵێت “مۆبایلەكان بەجۆرێك دروستكراون لە نێوان پلەی گەرمی 0 بۆ 35 پلەدا كاردەكەن، لە كەشێكیشدا كە لەو پلانە بەرزتر یاخود نزمتربێت، مۆبایلەكە خاودەبێتەوە و دەوەستێت، لە هەندێ حاڵەتیشدا زیانەكە درێژخایەنە و پاترییەكەی لاواز دەكات”.

 

ئەو پسپۆڕە باس لەوە دەكات، لەكاتی كەشی سارددا باشترە مۆبایلەكە بخرێتە گیرفانەوە بۆ ئەوەی لەو سەرمایە پارێزراوبێت، ئەگەر پلەی گەرماش بەرزبوو، باشترە وای فای و جی پی ئێس بكوژێنرێتەوە.

 

گۆڕینی پاتری: كایڵ وینز ئاماژە بەوە دەكات هەر بەشێكی مۆبایل دەبێت بۆ ماوەی 10 ساڵ كاربكات جگە لە پاترییەكەی، كە زۆرینەیان بەرگەی 500 جار بارگاویكردنەوە دەگرن، بۆ زانینی ئەو جارانەش كە مۆبایلەكەت بارگاوی كردووە، چەند ئەپلیكەیشنێكی تایبەت هەیە لەوانە (coconut Battery) بۆ ئایفۆن و (Accu Batter) بۆ سیستمی ئەندرۆید، هەروەها دەتوانرێت دوای 18 مانگ لە كڕینی مۆبایلەكەت پاترییەكەی بگۆڕیت، چونكە بەشێوەیەكی گشتی مۆبایلەكان لەماوەی 18 مانگدا 500 جار بارگاوی دەكرێنەوە.

 

سڕینەوەی چەند فایل و ئەپڵیكەیشنێك: سڕینەوەی چەند ئەپ و فایلێكی ناپێویست وادەكات هێز لەسەر مۆبایلەكە كەمبێتەوە و بۆ ماوەیەكی زیاتر كاربكات.

 

دووركەوتنەوە لە ئەپی گوماناوی: بەدەگمەن مۆبایل توشی ڤایرۆس یاخود پرۆگرامی زیانبەخش دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووبدات، بەهۆی ئەپلیكەیشنێكی گوماناوییەوە ڕوودەدات، بۆیە باشترە هەمووان ئاگاداری ئەو ئەپانەبن كە دایدەگرنە مۆبایلەكانیان، هەروەها ئاگاداری ئەو ئیمەیڵانە بیت كە پێت دەگات و سەردانی ماڵپەڕی گوماناوی نەكەیت.

 

سەرنجی خۆت بنووسە