له‌ ساڵى 2018 دا نزیكه‌ی 15 هه‌زار كچ له‌ كوردستان خه‌ته‌نه‌ كراون

ڕێژنە میدیا
 
به‌پێی یاسا خه‌ته‌نه‌كردنی كچان له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، له‌ ساڵی رابردوودا ده‌یان هه‌زار كچ خه‌ته‌نه‌كراون و ئاماری كچانی خه‌ته‌نه‌كراو له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق به‌رزتره‌.
 
سندووقی چالاكییه‌كانی دانیشتووان، سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان  (UNFPA)له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2019دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2018دا نزیكه‌ی 15 هه‌زار كچ له‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌ته‌نه‌كراون. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌ی كچان “نه‌ك هه‌ر پێویست نییه‌ و ئازاربه‌خشیشه‌، به‌ڵكو نادروسته‌ و هیچ سوودێكی ته‌ندروستیی بۆ كچان نییه‌”.
 
سه‌لوا موسا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی (UNFPA) له‌ عێراق، وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌   ڕایگەیاند : “زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی خه‌ته‌نه‌كردنی كچان له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانین، به‌ڵام رێژه‌كه‌ له‌ هه‌ردوو پارێزگای دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر نزمه‌”، له‌ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانیش دیارده‌كه‌ زیاتر له‌ ناوچه‌ گوندییه‌كان باوه‌، نه‌ك ناوچه‌ شارییه‌كان.
 
جیاوازیی نێوان پارێزگاكان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا گۆڕانێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. راپۆرتێكی 2015ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ گروپی ته‌مه‌نی 4 بۆ 14 ساڵان، 17٪ی كچانی هه‌ولێر، 12٪ی كچانی سلێمانى، 4٪ی كچانی دهۆك و 1٪ی كچانی هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌ته‌نه‌كراون. زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی خه‌ته‌نه‌كردنی كچان له‌ ته‌مه‌نی پێنج ساڵی و له‌ ماڵه‌وه‌ كراون. 65٪ی حاڵه‌ته‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و مامانانه‌وه‌ كراون كه‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان مۆڵه‌تی مامانییان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروست پێدراوه‌.
 
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی دیكه‌ی ساڵی 2018 كه‌ به‌ پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كراوه‌، له‌ هه‌موو عێراق له‌ ئافره‌تانی گروپی ته‌مه‌نی 15 بۆ 49 ساڵان 7.4٪ یان خه‌ته‌نه‌كراون، رێژه‌ی ئافره‌تانی خه‌ته‌نه‌كراوی هه‌مان گروپی ته‌مه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان 37.5% بووه‌. له‌ گروپی ته‌مه‌نی 0 بۆ 14 ساڵ، رێژه‌ی كچانی خه‌ته‌نه‌كراوی عێراق 1.3٪یه‌، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌مان گروپی ته‌مه‌ن، رێژه‌كه‌ی له‌ كوردستان 3.7٪ بووه‌ كه‌ ئه‌م رێژانه‌ به‌راورد به‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق له‌ كوردستان زۆر به‌رزه‌.
 
 
له‌ كۆتایی ساڵی رابردوو، سندووقه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ هاوكاریی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، داد، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌ و كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنه‌وه‌ی راگه‌یاند، ئامانجی هه‌وڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ درێژایی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ 7500 دایك قسه‌ بكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی كچانی هه‌رێمی كوردستان له‌ 10٪ ـه‌وه‌ بۆ 5٪.
 
خه‌ته‌نه‌كردنی كچان له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك توندوتیژی خێزانی و ره‌گه‌زی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ. به‌پێی خاڵی حه‌وته‌م له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی دووه‌می یاسای ساڵی 2011ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی، خه‌ته‌نه‌كردنی كچان له‌ هه‌رێمی كوردستان كارێكی نایاساییه‌ و هانده‌ر و ئه‌نجامده‌رانی سزا ده‌درێن.
 
سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

لەبەر ئەم هۆکارە له‌ڕۆژى ( ڤالانتاین ) خۆشه‌ویستىدا هاوسه‌رگیرى مه‌كه‌

ڕێژنە میدیا ڤانیا بێستون پسپۆرانى ده‌روون ناسى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌ڕۆژى خۆشه‌ویستى ( ڤالانتاین) ،داواى ...