گۆڕان: یەکێتی دونیایەک پۆستی ئێمەی لایە و پێی نەداوین

ڕێژنە میدیا

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، ئەوان تەنیا پۆستی پارێزگاری سلێمانییان لایە، لە کاتێکدا ”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دونیایەک پۆستی ئێمەی لایە و پێی نەداوین“.

ئەم دوو ساڵە کۆتایی هات کە یەکێتی و گۆڕان لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ڕێککەوتنیان لەسەر کردبوو، بۆیە ئەگەر هەیە یەکێتی داوای پۆستەکە لە گۆڕان بکاتەوە.

لەمبارەیەوە نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان  ڕایگەیاند: “هێشتا یەکێتی بەفەرمی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی نەکردووە، دواجار لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ یەکێتی دوو ساڵ بە دوو ساڵ ڕێککەوتووین“.

ڕوونیشی کردەوە، ئەوان نەیانگوتووە کە ئەگەر دووساڵەکە تەواو بوو، دووبارە دوو ساڵی دیکە نوێ دەکەنەوە، ”کاتێکیش ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام نەدراوە، دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نییە“.

نزار مەحموود ئاشکرای کرد، گۆڕان تەنھا پۆستی پارێزگاری سلێمانی لایە، بەڵام ”یەکێتی دنیایەک پۆستی ئێمەی لایە و پێی نەداوین، بەتایبەتی پۆستی جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە و قایمقامەکەی، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر پۆستمان لە گەرمیان و پشدەر و شاری سلێمانی ماوە“.

بەو هۆیەوە باوەڕ ناکات یەکێتی سەرەڕایی ئەو ھەموو پۆستەی لای ماوە، داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانیش بکات.

سەرکردەکەی گۆڕان نەیشاردەوە کە ئەوان چەند جارێک لەبارەی پۆستەکانەوە قسەیان لەگەڵ یەکێتی کردووە، بەڵام ”بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە، پێویستە لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆ بکەین یان ڕێککەوتێنێکیان لەگەڵدا بکەین“.

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

کۆبوونەوەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد

ڕێژنە میدیا   دوای گەیاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی نێوان لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان ...