”ئەگەر گۆڕان نەبووایە هەرگیز ئەوان نەدەگەیشتن بە پلە و پۆست“ ,,,, ( فۆتۆ ئەرشیف )

سەرکردەیەکی گۆڕان: ئارام شێخ محه‌مه‌د لەسایەی گۆڕاندا خۆی دەوڵەمەند کرد

ڕێژنە میدیا

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان رەخنەی لە ئارام شێخ محەمەد، جێگری دووەمی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق گرت کە دوای خۆدەوڵەمەندکردنی، وازی لە حزبەکەی هێناوە.

لە چەند ڕۆژی رابردوودا ئارام شێخ محەمەد کە لە پشکی گۆڕان ماوەی ٤ ساڵ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق کە بە بێهەڵوێستی بەرامبەر بەو خراپەکارییانەی لە بەغدا دژی هەرێمی کوردستان دەکران، ناسرابوو، وازهێنانی خۆی لە گۆڕان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ١١ی ٢٠١٩، نه‌سرین جه‌مال، ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە سایتێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی ڕاگەیاندوە : ”ئه‌وانه‌ی له‌ سێبه‌ری گۆڕاندا ده‌بنه‌ وه‌زیر و جێگری وه‌زیر و په‌رله‌مانتار له‌ کوردستان و عێراق، له‌دوای ته‌واو بوونی خوله‌که‌یان، ده‌چنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و ناگەڕێنەوە، که‌چی له‌ملاشه‌وه‌ دەڵێن له‌سه‌ر ڕێبازەکەی کاک نه‌وشیروانین که‌ ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی زۆر بێ تام و بێبنەمایە“.

هاوکات ڕوونی کردەوە کە ئەو کەسانە ئەگەر بە دەنگی گۆڕان نەبووایە، نەدەبوون بە ئەندامی پەرلەمان، ”کەچی خۆیان لێ گۆڕاوە، ‌ له‌کاتێکدا هه‌ر کام له‌م براده‌رانه‌ ئه‌گه‌ر به‌تاک خۆیان هه‌ڵبژێرن، ده‌نگ ناهێنن، هه‌ر له‌ کاک ئارام محه‌مه‌ده‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی دیکه‌، ئه‌مانه‌ ده‌بێت بزانن ده‌نگی خۆیان نەبووە، هی گۆڕان بووە کە گەیشتوون بە پلە و پۆست“.

نەسرین جەمال پێیوایە کە ”ئه‌م براده‌رانه‌ وه‌فایان بۆ گۆڕان نییه‌، له‌ سێبه‌ری گۆڕاندا ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، بوونه‌ خاوه‌نی ئۆتۆمبیل و ماڵ و شوقه‌ و بە خەڵک ناسێنران، به‌ڵام ئه‌وان وه‌فایان نییه‌ ئیتر گۆڕان چیان لێ بکات؟”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو کاتەی ئارام محەمەد بووەتە پەرلەمانتار، بڕیار بووە لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی دیکە، بڕی ٣٠٪ی داهاتەکانیان بە بزووتنەوەکەیان بدەن، بەڵام ”کوا داویانە؟“. بۆیە دەڵێت: ”کۆمەڵێک خه‌ڵک له‌ سێبه‌ری گۆڕان ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و دواتر چوونه‌ ماڵه‌وه‌ و هه‌ریه‌کەی به ئاراستەیەکدا دەڕوات“.

دووپاتیشی کردەوە، دەنگدەرانی گۆڕان مافی خۆیانە قورسترین کاردانەوەیان بەرامبەر بە قسەکانی ئارام محەمەد و هەموو ئەوانە هەبێت کە دوای کۆتاییهاتنی پلە و پۆستەکانیان، وازیان لە بزووتنەوەکە هێناوە، چونکە ”وازهێنانیان پێیاندەڵێت کە ئه‌مه‌ی کراوه‌، بۆ مه‌به‌ستی کەسی بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سێبه‌ری گۆڕاندا خۆم دەوڵەمەند بکه‌م و بێمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌“.

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

کۆبوونەوەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد

ڕێژنە میدیا   دوای گەیاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی نێوان لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان ...