بەغدا وەك مانگەكانی پێشوو پارەی فەرمانبەران دەنێرێت

ڕێژنە میدیا

 

لەوەتەی خۆپیشاندان لە عێراق دەستیپێکردووە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە چارەنووسی مووچەکانیان. بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و دەڵێت بەغدا وەك مانگەكانی پێشوو پارە دەنێرێت.
عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی لە هەرێمی  كوردستان  رایگەیاند، “ئێمە كار لەسەر نووسراوی فەرمی دەكەین. تاوەكوئێستاش هیچ شتێكمان بۆ نەهاتووە كە ئاماژە بەوە بکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گرفتی بۆ دروست دەبێت”.
لەبارەی ئەگەری هەڵوەشانەوەی حکومەت و دروستبوونی مەترسی لەسەر ناردنی مووچە، عابد ساڵح گوتی: “ئەگەر بڕیار بێت حكومەتیش هەڵبووەشێتەوە، ئەو كاتە حكومەتەكە دەبێتە كاربەڕێكەر، مووچەی فەرمانبەرانیش وەك پێشتر دەدرێت، جگەلەوە تاوەكو ئێستا هیچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووە كە بڵێن مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رابگرن”.
بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی لە هەرێمی  كوردستان ئەو قسانەشی بە دەنگۆیەكی ناڕاست دایە قەڵەم، كە دەگوترێ‌ حكومەتی عێراق پارەی بانكەكانی گواستووەتەوە هەرێمی كوردستان و گوتی “ئەو قسەیە هیچ راستییەكی تێدا نییە، كە گوایە لەبەر خۆپیشاندەران حكومەتی عێراق پارەی بانكەكانی گواستبێتەوە هەرێمی كوردستان. بەداخەوە، رۆژانە قسەی لەو جۆرانە دەكرێن كە هیچ راستییەكیان تێدا نییە”.
مانگانە حكومەتی عێراق بڕی 453 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەشێوەیەكی گشتیش پارەكە لە 15 تاوەكو 20ـی هەموو مانگێك دەگاتە كوردستان.
سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كوردستان نزیك دەبێتەوە لە 500 هەزار بەرمیل نەوت

  ڕێژنە میدیا بەپێی ناوەندی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Mees)، لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ...