ئەو منداڵەی بە چەکی قەدەخەکراو لە رۆژئاوا برینداربووە لە هەولێر چارەسەردەکرێت

ڕێژنە میدیا

 یەکێک لەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەی رەحمە لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و گوماندەکرێت بە چەکی قەدەخەکراو سووتابێت، منداڵێکی تەمەن 13 ساڵە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەیهێنێتە هەولێر بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت.

لەو نەخۆشخانەیەی قامشلۆ ژمارەیەک نەخۆش هەن، کە دەگوترێت بە چەکی فۆسفۆڕ بریندارکراون، یەکێک لە بریندارەکان منداڵێکی تەمەن 13 ساڵە بەناوی محەممەد حەمید، کە لە دووەم رۆژی تۆپبارانەکاندا لە سەرێ کانی برینداربووە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و بەگوتەی هێزەکانی سووریای دیموکرات؛ محەممەد بە چەکی فسفۆڕ بریندار بووە. تەواوی جەستەی محەممەد لە ملییەوە تاوەکو سکی و پشتیشی سووتاوە.

ئەو منداڵە بەهۆی هێرشەکەوە تاساوە، دەنگی دەرناچێت و ناتوانێت قسە بکات، بۆیە باوکی محەممەد چۆنییەتی رووداوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێ “من لە ماڵەوە نەبووم، دوای نیو کاژێر برینداربوونی محەممەد گەڕامەوە و بینیم تۆپ لە ماڵی دراوسێکەمانی داوە و. محەممەد لە دەرەوەی ماڵەوە کەوتبوو، هەڵمگرت و بردمە نەخۆشخانەی تلتەمر و دوێنێش هاتینە ئێرە، پزیشکەکان دەڵێن رەوشی باش نییە”.

باوکی محەممەد دەڵێ “ماڵباتی بارزانی (مەبەستی رێکخراوی خێرخوازیی بارزانییە) تەلەفۆنیان بۆ کردووین و گوتیان بیهێننە سەر سنوور، لەلای ئێمە چارەسەری دەکەین و ئێمەش ئەمڕۆ دەڕۆین “.

هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی تایبەتی رووداو لە قامشلۆ دەڵێ “محەممەد بە ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن دەگەیەندرێتە سەر سنوور، دواتر رێکخراوی خێرخوازیی بارزانی لە سەر سنووری باشووری کوردستان وەریدەگرن و لە هەولێر چارەسەردەکرێت”.

محەممەد لەنێو ئازارێکی زۆردایە، بە چاوە گەورەکانی لە پزیشکەکان و باوکی  دەڕوانێت و بە ئەستەم دەنگی دەردێت، تەنیا یەک رستە دووبارە دەکاتەوە “من، لەبیرم کردووە”. باوکیشی دەڵێ بەهۆی رووداوەکە رەوشی دەروونی تەواو نییە، دوای ئەوەی پزیشکەکانیشی پرسیاری لێدەکەن ئایا ئازاری زۆرە، تەنیا دەڵێ “ئەرێ”.

هاووڵاتییەکی دیکەی عەرەب کە هەردوو دەست و رووخساری سووتاوە و لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرێت، قسەی  کرد و دەڵێ “من خەڵکی تلکۆچەرم و ماڵم لەوێیە، هاتینە سەرێ کانی بۆ ئەوەی پشتگیری لە هەڤاڵانمان بکەین، بەڵام دوای 10 خولەک لە گەیشتنمان بە سەرێ کانی، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئێمەیان کردە ئامانج. ئێستاش داخوازیمان ئەوەیە؛ ئەم شەڕە بووەستێنرێت و دەخوازین سوپای تورکیا لە وڵاتی ئێمە دەرکەوێت”.

هەرچەندە راپۆرتە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی رەحمە نەیانسەلماندووە ئەو بریندارانە بە چەکی قەدەخراو و فۆسفۆر بریندار بوون، بەڵام پزیشکەکان دەڵێن بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو چەکانەی لە دژیان بەکارهاتووە بەهۆی نیشانەکانی لەسەر جەستەیان هەیە، پێدەچێت چەکی قەدەخەکراو بن.

هەرچەندە ئاگربەست بۆ ماوەی پێنج رۆژ بۆ راگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان راگەیەندراوە، بەڵام ئەمڕۆش (شەممە، 19-10-2019) ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا، کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات دەیانەوێت سەرێکانی و گوندەکانی دەوروبەری کۆنترۆڵ بکەن و، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش وەڵامیان داونەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە پێشڕەوییان بکەن.

پێشتر هەریەک لە نەخۆشخانەی تل تەمر و مانگی سووری کوردی رایانگەیاند بەشێک لەو بریندارانەی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە کە بەهۆی هێرشی سوپای تورکیا برینداربوون، پاشماوەی چەکی کیمیاییان لەسەر جەستە هەیە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە.

حامى ئاكسۆى، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى توركيا لە راگەیەندراوێکدا گوتی “بە هەموو شێوەيەك ئەو دەنگۆ ناڕاستانە رەتدەكەينەوە كە رێكخراوى تيرۆريستى بڵاويكردووەتەوە. لە کۆگانی سوپاى توركيادا بە هيچ شێوەيەك چەكى كيميايى نییە. وڵاتەكەمان لە ساڵى 1977ـەوە لايەنێكە لە بەڵێننامەى لەنێوبردن و قەدەخەكردنى بەكارهێنان و کۆگاکردن و بەرهەمهێنانى چەكى كيميايى”.

 

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كوردستان نزیك دەبێتەوە لە 500 هەزار بەرمیل نەوت

  ڕێژنە میدیا بەپێی ناوەندی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Mees)، لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ...