حكومەتی هەرێمی كوردستان 24 ملیار دۆلار قەرزدارە

ڕێژنە میدیا


قەرزەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگوتەی پەرلەمانتارێک 24 ملیار دۆلارە و بەنیازە لە گفتوگۆكانیدا داوا لە حكومەتی عێراق بكات ئەو قەرزەی بداتەوە.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێمان دراوە، حكومەتی هەرێمی كورستان 24 ملیار دۆلار قەرزدارە. ئەو قەرزە بەدەستی نەكراوە، بەڵكو چەند بەشێكە، 8 ملیار ‌و 900ملیۆن دۆلاری قەرزی مووچەخۆرانە كە لە پاشەكەوتی مووچە كراوە، ئەوانی دیكەشی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت ‌و ئەو قەرزانەیە كە لەكاتی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوویەتی”.

پەرلەمانتارە كوردەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەنیازە لە گفتوگۆكانیدا داوای لە  حكومەتی عێراقی بكاتەوە ئەو قەرزە بداتەوە، چونكە دەڵێن ئەوان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان بڕیوە.

شیروان میرزا گوتیشی “پرسی قەرزەكان لەنێوان هەردوو حكومەت پێویستی بە گفتوگۆی زۆر هەیە، بەڵام قورسە عێراق بڕوا بەوە بێنێ‌ ئەو قەرزانە بداتەوە، چونكە تاوەكو ئێستا عێراق ئامادە نییە 555 ملیار دیناری قەرزی گەنمی جووتیارانی كوردستان بداتەوە، ئەوجا چۆن ئەو قەرزە زۆرە دەداتەوە، دیارە ئەوەش پێویستی بە گفتووگۆی زۆر هەیە”.

لە مانگی 10-2014 حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕی، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كرد.

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

ئەو منداڵەی بە چەکی قەدەخەکراو لە رۆژئاوا برینداربووە لە هەولێر چارەسەردەکرێت

ڕێژنە میدیا  یەکێک لەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەی رەحمە لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و گوماندەکرێت بە ...