جیاوازی مەرکەزی و لامەرکەزی

ڕێبەند ڕێبوار شارەزای کارگێڕی جیاوازی مەرکەزی و لامەرکەزی ڕون دەکاتەوە

1-لە سیستمی مەرکەزیدا، سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەست کەسێکی دیاریکراو یان دەستەیەکی ئاست بەرزدایە، بەجۆرێک کەسانی دیکە یان ئاستە کارگێڕییە نزمەکانی دیکە، ناتوانن بۆ خۆیان بڕیاربدەن، تەنها بە رەزامەندی کەسە دیاریکراوەکە یان دەستە ئاست بەرزەکە نەبێت. بەڵام لە لا مەرکەزیدا دەسەڵاتەکان دابەشکراون بەسەر یەکە کارگێڕییە بچوکەکاندا، ئەو یەکە کارگێڕیانە لە سنورێکی دیاریکراودا دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر بەڕێوەچونی کاروباری یەکەکەیان بدەن و نەگەڕێنەوە بۆ مەرکەز.

2-مەرکەزیەت کۆی دەسەڵاتەکان لە خاڵێکدا چڕدەکاتەوە، بەڵام لا مەرکەزیەت بە پێچەوانەوەیەو دەسەڵاتەکان بڵاودەکاتەوەو دابەشیان دەکات بەسەر خاڵە جیاوازەکاندا.

کامیان باشترە مەرکەزی یان لا مەرکەزی

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کارێکی زەحمەتە، بەڵام دەکرێت هەندێک حاڵەت بخەینەڕوو کە تێیدا لامەرکەزیەت لە مەرکەزیەت باشترە یان بە پێچەوانەوە.

1-بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، سیستمی لا مەرکەزی باشترە لە سیستمی مەرکەزی، چونکە لامەرکەزی زیاتر پارێزگاری لە شوناس و زمان و دابونەریت و کەلتوریان دەکات.

2-لەو وڵاتانەی میللەت باج و ڕسوماتێکی زۆر دەدەن، سیستمی لامەرکەزی باشترە، بۆچی؟ چونکە هاوڵاتیان دڵنیان لەوەی ئەو باج و ڕسوماتانەی کە لێیان وەردەگیرێت، دواجار بۆ خۆیان دەگەڕێتەوەو لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکەیاندا خەرجدەکرێنەوەو ناڕوات بۆ پرۆژەی ناوچەکانی دیکە.

3-چاکسازی ئیداری و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕۆتینیات، زیاتر پەیوەستە بە سیستمی لا مەرکەزیەتەوە. لەبەر ئەوە لەمڕۆدا هەوڵدان بۆ پیادەکردنی لا مەرکەزی، هەوڵدانێکی جیهانییە.

4-لە وڵاتانی تازە گەشەکردودا، باشترە لە قۆناغی سەرەتای گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییان، پشت بە سیستمی مەرکەزی ببەستن. لە قۆناغی گواستنەوە لە سیستمێکی ستمگەرو دیکتاتۆرەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، سەرەتا بۆ زەبتکردن و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەو کۆتایی هێنان بە رەفتارو هەڵسوکەوتی نەشیاو، سیستمی مەرکەزی باشترە، بەو مەرجەی بۆ کاتێکی دیاریکراوبێت و زۆر درێژە نەکێشێت.

5-وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری پیشەسازیدا، لە رێخستنی کاروبارەکانیدا زیاتر پشت بە لا مەرکەزی دەبەستێت.

6-مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە سەرمایەداری و بیرۆکراتییەوە، بەڵام لا مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە.

7-ئیدارەی کۆمپانیا قەبارە بچوکەکان، زیاتر مەیلیان بەلای مەرکەزیەتدا هەیە، وەلێ کۆمپانیا قەبارە گەورەکان زیاتر کار بە سیستمی لا مەرکەزی دەکەن، ئەمەش لە پێناو جووڵەی خێراو زوو قۆستنەوەی دەرفەتەکان بە خێرایی.

دواجار ماوەتەوە بڵێن مەرکەزی یان لا مەرکەزی، خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە، بەڵکو هەردوکیان فەلسەفەی و ئیدارەدانی شێوازی حکمڕانییە و ئامرازێکن بۆ بڕیاردان. شارەزایان پێیانوایە زەحمەتە یەکێکیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان هەڵبژێریت، چونکە هەر یەکەیان تایبەتمەندی و لایەنی ئەرێنی خۆی هەیە کە لەوی دیکەیاندا نییە. ئەمە جگە لەوەی هەریەکەیان لایەنی نەرێنی و خەوشی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام دەکرێ گونجاندنێک لە نێوان هەردوکیاندا بکرێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەی دەرکردنی بڕیارەکان و رایکردنی کارەکان بە باشترین شێوە بەڕێوەبچن. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە، لە دەرئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و تەکنەلۆژیەکانەوە کە جیهان بەخۆیەوە بینیویەتی، زیاتر بایەخ بە چەمکی لا مەرکەزیەت دەدرێت وەک لە چەمکی مەرکەزیەت.

لە هەرێمی کوردستانیش بایەتی مەرکەزی و لا مەرکزی بووەتە بابەتێکی گەرم و قسەوباسی زۆری لەسەر دەکرێت. هەندێک کەس و لایەن و حیزب پێیانوایە مەرکەزییەت باشترو گونجاوترە بۆ ئەمڕۆکەی هەرێمی کوردستان، کەچی لەبەرامبەردا هەندێک کەس و لایەن و حیزبی دیکە لەو باوەڕەدان لا مەرکەزی زۆر گونجاوترەو بە تەواوی پشتگیری ئەم چەمکە دەکەن و بەکارهێنانی بە پێویستییەکی هەنووکەیی دەزانن. ئەمە جگە لەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009 دا، یاسای ژمارە 3 ی پارێزگاکانی پەسەندکردووە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

ئەو منداڵەی بە چەکی قەدەخەکراو لە رۆژئاوا برینداربووە لە هەولێر چارەسەردەکرێت

ڕێژنە میدیا  یەکێک لەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەی رەحمە لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و گوماندەکرێت بە ...