جگە لە سزایی لە سێدارەدان سزایه‌كی‌ تری‌ بكوژانی‌ تارقی‌ به‌قاڵ‌ ئاشكرا بوو

ڕێژنە میدیا

دادگای‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاند كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بڕیاری‌ له‌سێداره‌دان بۆ بكوژرانی‌ تارقی‌ به‌قاڵ‌، دادگا بڕیاری‌ داوه‌ به‌ سزادانی تاوانباران به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی داواكارانی مافی كه‌سی تاوانلێكراو به‌ بڕی یه‌ك ملیار دیناری عیراقی.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2019/9/12 له‌ دادگای تاوانه‌كانی سلێمانی/2 دانیشتنی دووه‌می تایبه‌ت به‌ تۆمه‌تبارانی دۆسیه‌ی كوشتنی هاووڵاتی (تارق رۆسته‌م حه‌مه‌ساڵح) ناسراو به‌ (تارقی به‌قاڵ) به‌ڕێوه‌چوو.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ كه‌ وینەیەکی دەست ( ڕێژنە میدیا ) کەوتوە ، “له‌ دادگاییكردنه‌كه‌دا كه‌ هه‌رسێ تاوانباری دۆسیه‌كه‌ ئاماده‌بوون، له‌به‌ر بوونی به‌ڵگه‌ی ته‌واو و شاهید و دانپێدانانی تۆمه‌تباران، دادگا بڕیاریدا به‌ له‌سێداره‌دانی هه‌رسێ تاوانباری دۆسیه‌كه‌ به‌پێی مادده‌ی (406) بڕگه‌ی (1/ح) له‌ یاسای سزادانی عیراقی”.

هه‌روه‌ها دادگا بڕیاریدا به‌ سزادانی تاوانباران به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی داواكارانی مافی كه‌سی تاوانلێكراو به‌ بڕی یه‌ك ملیار دیناری عیراقی”.

تارقی‌ به‌قاڵ، رۆژی‌ 18ی مانگی‌ 12ی‌ 2018 دوای‌ چونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ماڵ ئیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌‌و دواتر ئاسایشی‌ سلێمانی‌ دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ باندێك ته‌رمه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌.

تارق رۆسته‌م، ته‌مه‌نی 39 ساڵ و خێزاندار بوو و خاوه‌نی چوار منداڵ و ده‌ خوشك بوو، له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانی كاری میوه‌ و سه‌وزه‌ فرۆشی كردووه‌.

رۆژی 7ی نیسانی2019، باندێكی سێ كه‌سی له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیركران كه‌ چه‌ندین تاوانی جۆراوجۆریان ئه‌نجامدابوو دانیشیان به‌وه‌داناوه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ تارقی به‌قاڵ و مه‌ریوانی دارا ره‌زایان كوشتووه‌.

رۆژی 27ی ئابی 2019، یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی‌ به‌قاڵ له‌ دادگای سلێمانی به‌رێوه‌چوو، به‌ڵام به‌هۆی هێرشی كه‌سوكاری تارقی به‌قاڵه‌وه‌ بۆ سه‌ر بكوژه‌كان، دادگا دانیشتنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت، ئه‌مرۆش دادگای سلێمانی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ بكوژانی تاریقی به‌قاڵ ده‌ركرد.

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

ئەو منداڵەی بە چەکی قەدەخەکراو لە رۆژئاوا برینداربووە لە هەولێر چارەسەردەکرێت

ڕێژنە میدیا  یەکێک لەو بریندارانەی لە نەخۆشخانەی رەحمە لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و گوماندەکرێت بە ...