موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم زیاد ده‌كات

په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌به‌غدا ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ بڕگه‌یه‌كی‌ یاسای بودجه‌ی 2019ی عیراق ده‌دات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ناردنی‌ لیستی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بۆ عیراق، ده‌شڵێت:”ئه‌گه‌ر لیسته‌كان ڕه‌وانه‌ی‌ به‌غدا بكرێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم زیاد ده‌كات”.

د.غالب محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری كورد له‌به‌غدا تایبەت بە ( ڕێژنەمیدیا)ی  ڕاگه‌یاند، “ده‌بێت وه‌زیری دارایی عیراق داوای لیستی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم بكات و تا31ی 12ی 2019ش هیچ گرفتێك دوچاری‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم نابێت، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ یاسای بودجه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت”.

وتیشی‌:”ئێستا حكومه‌تی‌ به‌غدا پاره‌و بودجه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ژماره‌ ده‌نرێت، به‌ڵام كاتێك لیستی موچه‌خۆران ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت، ئه‌وا ژماره‌و پله‌ی موچه‌خۆران دیاریده‌كرێت، حكومه‌تی‌ عیراقیش ناچارده‌بێت له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ فه‌رمانبه‌ر ڕه‌وانه‌ بكات، ئه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پله‌و ژماره‌كانیان موچه‌ڕه‌وانه‌ ده‌كات”.

وه‌كو ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی‌:”ئه‌وه‌ش واده‌كات موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم زیادبكات كاتێك كه‌ به‌غدا پاره‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پاره‌كه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كات”.

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، “ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترێت ئه‌گه‌ر لیستی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ناكرێت ڕه‌وانه‌ی‌ به‌غدا بكرێت له‌به‌ر لایه‌نی‌ ئه‌منی‌، هیچ بنه‌مایه‌كی‌ نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت لیستی‌ موچه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت ئه‌وكات هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ گشتی یاخو موچه‌خۆرێك به‌گوێره‌ی‌ پله‌كه‌ی‌ موچه‌ی‌ بۆ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت”.

ئه‌وه‌شی‌ وت:”ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای‌ 682 هه‌زار موچه‌خۆره‌كه‌ پاره‌ ڕه‌وانه‌ بكات به‌نمونه‌ بگوترێت پێنج ترلیۆن دینار ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت كاتێك لیست و پله‌ی‌ موچه‌خۆر ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت، ڕه‌نگه‌ بكاته‌ شه‌ش ترلیۆن دینار، بۆیه‌ باشتره‌ حكومه‌ت ئه‌و لیستی‌ موچه‌خۆرانه‌ی‌ ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بكات”.

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

توركیا : هێزێكی تایبەتی ئەمریكا بە ئامانجدەگرێت

ڕێژنە میدیا ئاژانسێكی سەر بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڵاویكردەوە، سوپای توركیا لەمیانی بۆردومانی ناوچەكانی باكوری ...