مامۆستایه‌ك بڕى ( 100 ) ملیۆن دینار بۆ قووتابییه‌كانى گه‌ڕانده‌وه‌

ڕێژنە میدیا

ئامێدى/ نه‌وزاد هلۆرى

 

ماوه‌ى 50 ڕۆژه‌ مامۆستایه‌كى وانه‌ى بیركارى له‌ سنوورى شارۆكه‌ى ئامێدى له‌ پارێزگاى دهۆك خولێكى بۆ 480 قووتابى پۆڵى دوانزه‌ى ئاماده‌یى (زانستى و وێژه‌ى) كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌مى پاره‌ى ئه‌و قووتابیانه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 38 ملیون دینار، به‌ڵام مامۆستاكه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ قووتابیان گه‌ڕانده‌وه‌، له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوو بڕى زیاتر له‌ 100 ملیۆن دینار بو قووتابییه‌كانى خۆى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

فه‌یزى ڕه‌مه‌زان ڕێكانى، ئه‌و مامۆستایه‌ ڕایگه‌یاند، وه‌كو ئه‌ركێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ى و ئاینى و كومه‌ڵایه‌تى جارێكى تر پاره‌ى به‌شداربوونى خوله‌كانى خۆم بۆ قووتابیان گه‌ڕانده‌وه‌.

زیاتر گوتى، ” 26ى حوزه‌یران، ده‌ستم به‌ وه‌رگرتنى قووتابیانى پۆڵى دوانزه‌ى ئاماده‌یى له‌ هه‌ردوو به‌شى زانستى و وێژه‌یی كرد، له‌و خووله‌دا 480 قوتابى به‌شداربوون و بۆ ماوه‌ى 50 ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ى 10 سه‌عات بیركاریم بۆ ئه‌و قووتابیانه‌ شی كردووه‌ته‌وه‌، بۆ هه‌ر قووتابیه‌ك 80 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرم و كۆى پاره‌ى ئه‌و قووتابیانه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 38 ملیون دینار، به‌ڵام بریارم دا پاره‌ له‌و قووتابیانه‌ وه‌رنه‌گرم، ئه‌مه‌یش وه‌كو هاوكارییه‌ك بۆ قووتابیان و له‌به‌رچاوگرتنى ڕه‌وشى دارایى و ئابوورى ئه‌وان، هه‌روه‌ها ویستم خه‌نده‌ بخه‌مه‌ سه‌ر لێوى قووتابیان و ببێته‌ هاندانێك بۆ ئه‌وه‌ى نمره‌ى باش له‌ خوڵى دووه‌م دا ده‌ست بخه‌ن”.

مامۆستا فه‌یزى ڕه‌مه‌زان ڕایگه‌یاند، ناوى هه‌موو ئه‌و قووتابیانه‌ى كه‌ به‌شداربوونه‌ له‌ خوله‌كه‌ هه‌مووى له‌لایه‌ و زانیارییه‌كانیان تۆماركراون، له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى خولى بیركارى به‌ شێوه‌ى خۆبه‌خش و بێ به‌رانبه‌ر بۆ قووتابیان به‌رده‌وام ده‌بم و بڕیاره‌ به‌مزووانه‌ خوڵێكى ترى بێ به‌رانبه‌ر بۆ قووتابیانى بنه‌ڕه‌تى بكه‌مه‌وه‌ و پێشبینى ده‌كه‌م نزیكه‌ى 700 قووتابى به‌شدارى بكه‌ن.

فه‌یزى ڕه‌مه‌زان ماوه‌ى 27 ساڵه‌ وه‌كو مامۆستا له‌ قوتابخانه‌یه‌كى كومه‌ڵگه‌ى سیریێ سه‌ر به‌ شاره‌دیێ شێلادزێ دامه‌زراوه‌ و خێزانداره‌ و چه‌ند منداڵێكى هه‌یه‌.

 

سەرنجی خۆت بنووسە
x

Check Also

ئایا چۆن ده‌زانیت كه‌سێك به‌ نهێنی خۆشی ده‌وێتوو پێت ناڵێت ؟

ڕێژنە میدیا یه‌كێك له‌ بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكجار مێشكی مرۆڤ سه‌رقاڵ بكات ئه‌وه‌یه‌ ئایا كه‌س ...