پێنج شه‌ممه‌ , 6 ئاب 2020

سلێمانى: له‌لایه‌ن فاڵچییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستدرێژى سێكسى كراوه‌ته‌ سه‌ر كچان

فاڵچیه‌كان له‌ سلێمانی ڕوو له‌ زیادبوونن و هه‌ندێكیان كاره‌كانیان بۆ مه‌به‌ستی تر به‌كارده‌هێنن، پۆلیسی سلێمانیش ده‌ڵێ، به‌هۆی فاڵچییه‌وه‌ ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر كچان و سكاڵا تۆمار كراوه‌.

 نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری پێوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی  رایگه‌یاند، پۆلسی سلێمانی به‌ هاوكاری هێزه‌كانی ئاسایش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ و گرتنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری فاڵچییه‌تی ده‌كه‌ن له‌ ناو شاری سلێمانی و له‌ كۆڵانه‌كان.

زیاتر گوتی، ئه‌مساڵ به‌ هاوكاری لایه‌نه‌ ته‌ناهییه‌كان توانراوه‌ دوو فاڵچی له‌ ناو سلێمانی بگیرێت كه‌ كاریان قۆڵبڕینی ژنان و كچان بووه‌ و ئێسته‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

له‌ باره‌ی زیادبوونی كاری فاڵچییه‌تی كه‌ به‌رده‌وام له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت ئه‌ر به‌رپرسه‌ی پۆلیس گوتی، زانیاریمان له‌سه‌ر هه‌ر كه‌س هه‌بێت یان هه‌ر كه‌سێك ئاگادارمان بكاته‌وه‌ له‌ بوونی فاڵچی راسته‌وخۆ ده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سانێك زانیاریمان له‌سه‌ریان نه‌بێ ناتوانین هیچ بكه‌ین به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ زوو ئاشكرا ده‌بن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد، ساڵی رابردوو چه‌ند كه‌سێك كه‌ كاری فاڵچیه‌تیان كردووه‌ گیراون و یه‌كێك له‌و فاڵچیانه‌یش ده‌ستدرێژی كردبووه‌ سه‌ر كچان و سكاڵا له‌سه‌ری تۆماركرا و دواتر گیرا.